ڕه‌خنه‌ له‌ مسته‌فا هیجری له‌ نووسینی شه‌ریف هه‌ژاری

  ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئیمیلێک له‌ لایه‌ن که‌سێک به‌ ناوی شه‌ریف هه‌ژاری هاتبوو بۆ ماڵپه‌ڕی دیارونادیار که‌ داوای کردووه‌ وه‌کوو خۆی بڵاو بێته‌وه‌،

ده‌قی نامه‌که‌:

“به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕی دیارونادیار سڵاو

ماوه‌یه‌که‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و دژایه‌تییه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی کوردستان هه‌تانه‌ هێندێک وتوووێژ و بابه‌ت له‌ دژی حدکا بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ خۆتان ده‌زانن درووست کراوی لایه‌نێکی دیکه‌یه‌.بابه‌تێکم بۆتان ناردووه‌ تاکوو ده‌نگێکی دیکه‌ش ببیستن،ئینسافتان هه‌بێت به‌ڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌.

شەریف هەژاریی : ڕه‌خنه‌كان له‌ مسته‌فای هیجری (مسته‌فای هیجری له‌ نێوان دوو جۆر ڕه‌خنه‌ د(

ڕه‌خنه‌كانی نووسه‌رانی باشوری كوردستان لێی له‌ لایه‌ك و، به‌شێك له‌ ڕه‌خنه‌كانی خۆم وه‌ك توێژه‌رێكی ئه‌كادیمی كه‌ چه‌ندین كتێب و توێژینه‌وه‌م له‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌.

ڕوونه‌، چه‌ند سالێكه‌، مسته‌فای هیجری هه‌لبژێردراوی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی قازی و قاسملووه‌ بۆ سكرتێری گشتی حیزبی دیموكرات.
ئه‌م كاراكته‌ره‌ سیاسییه‌ كه‌ زۆر قسه‌ناكا و درێژدادڕیم له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن لێی نه‌بینیووه‌، وا ده‌كات ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌ربرینه‌كانی كه‌سانی وه‌ك عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ و خالید عه‌زیزی بێت كه‌ له‌ قسه‌كانیانیان دا درێژ دادڕی ئه‌كه‌ن و ناته‌بایی هه‌یه‌.
ئه‌لبه‌ته‌ پێموایه‌ كاراكته‌ری عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ له‌ (گفتوگۆكردن و نووسینی سیاسیی و ئه‌ده‌بی) دا زۆر زیاتر لێهاتووتره‌ له‌ خالید عه‌زیزی.‌ نایشارمه‌وه‌ هه‌رگیز خالید عه‌زیزی به‌ مرۆڤێكی سیاسیی نازانم، به‌لكوو وه‌ك كاسبێكی سیاسیی ده‌بینم!! به‌لام عاقیبه‌تی عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ش به‌ دۆراوێكی سیاسیی ده‌بینم (هیوادارم هه‌ڵه‌ بم، به‌لام چه‌ند فاكتێكم هه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئایدیایه‌كه‌م له‌و باره‌یه‌وه‌!).
به‌هه‌رحال، پێموایه‌ چه‌ند ساڵێكه‌، زۆر كاراكته‌ری ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی یه‌ك ڕوانینیان بۆ مسته‌فای هیجری هه‌یه‌و خوێندنه‌وه‌كانیشیانم پێ هه‌ڵه‌یه. ئه‌م كاركاته‌رانه‌ی ناو یه‌كێتیی و گۆڕان پێیان وابووه‌ و وایه‌ كه‌: مسته‌فای هیجری پیاوی پارتییه‌، ڕه‌خنه‌كانی نووسه‌رانی باشوری كوردستانیش له‌ مسته‌فای هیجری ، ئه‌وا ته‌نها كورت ده‌كرێنه‌وه‌ له‌و ئایدیایه‌ی كه ‌: مسته‌فای هیجری پیاوی پارتییه‌، كه‌ ئه‌م تێروانینه‌ پاشكۆیه‌تییه‌ی نووسه‌رانی باشوری كوردستان زیاتر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێت: ئه‌مانه‌ پیاوی به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتیی و گۆڕانن و، ئه‌و به‌رپرسانه‌ هه‌رچیان به‌مانه‌ وت، ئه‌مانیش به‌بێ لێكدانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌یڵێنه‌وه‌ و ئه‌ینووسنه‌وه‌ و ناتوانن به‌ هزری خۆیان سه‌ربه‌خۆیانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ن، ئه‌لبه‌ته‌ كاریگه‌ری ئێرانیش له‌م ڕووه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی هه‌ندێكیان ده‌بێت هه‌ر حاسبی بۆ بكرێت!
ده‌بوو یه‌كێتیی جاران ( به‌ هه‌ردوو ته‌كه‌توولی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا ) به‌ لۆژیكییانه‌تر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بردنه‌وه‌ی مسته‌فای هیجری له‌ عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ دا له‌ ئاست ده‌نگی كۆنگره‌ی‌ گشتی حیزبی دیموكرات دا بكردبایه‌. ئه‌لبه‌ته‌ وه‌ك ئه‌مسال له‌ بابه‌تێك له‌سه‌ر قاسملووی بیرمه‌ند نووسیم: قاسملوو وه‌ك بیرمه‌ندێكی سیاسیی تاكه‌ ڕێبه‌ری كورده‌ كه‌ پره‌نسیپی ( حیزبی مۆدێرن ) ی داهێناوه‌ له‌ ناو كورد دا، كه‌ یه‌كێك له‌ پره‌نسیپه‌ نه‌گۆڕه‌كانی ئه‌وه‌بووه‌: ده‌بێت ئه‌ندامانی ئۆرگانه‌ حیزبییه‌كان به‌ نهێنی نوێنه‌رانی خۆیان بۆ كۆنگره‌كه‌یان هه‌لببژێرن و دواتریش نوینه‌رانی كۆنگره‌ هه‌ر به‌ نهێنی و به‌ به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ ده‌نگه‌كانیان بخه‌نه‌ سندووقی ده‌نگدان و پاشتریش ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو ئاشكرا ده‌بێ و ئه‌م به‌ سیستماكییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا هه‌ڵبژاردنی سكرتێری گشتی.
كاتێك عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ سكرتێر بوو، به‌رپرسی یه‌كه‌م بوو له‌ ئاشبه‌تاڵ پێكردنی دیموكرات دا و، له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی دا ڕێكه‌وت و دیموكراته‌كه‌ی قاسملووی له‌ قه‌ندیله‌وه‌ ڕووه‌و ئۆردوگای زۆره‌ملێی كۆیه‌ ئاشبە‌تال پێ كرد. ئه‌م كاره‌ی عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ له‌ لایه‌ك له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ (سازش سازشی به‌دووادا دێت) ی به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ پاشتر له‌ ئۆردوگای زۆره‌ملێی كۆیه‌ش وازیان لێ نه‌هێنان و پاسداریان هێنایه‌ سه‌ریان و ڕادیۆیان داخستن و زۆری تریان به‌سه‌راهێنان و دیموكراتیش هه‌ر سازش به‌دوای سازش دا ده‌یكرد !! به‌ڵام من وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری ئه‌و پرسیاره‌م لا گه‌ڵاڵه‌ ئه‌بێت: پاش ئه‌و هه‌موو كوشتوبڕه‌ی كه‌ به‌سه‌ریان هێنان، ئه‌ی بۆ مسته‌فای هیجری خۆی و هه‌ندێك له‌ پێشمه‌رگه‌ ڕوویان له‌ قه‌ندیل نه‌كرد!!؟ كێ ده‌ستی گرتبوون!؟ ئاخۆ تۆ بڵێی عه‌بدووڵای حه‌سه‌ن زاده‌ ڕێگای له‌وه‌ش گرتبێت!؟
له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ ( ئاشبه‌تال له‌ قه‌ندیله‌وه‌ بۆ ئۆردوگای زۆره‌ملێی كۆیه‌ ) وایكرد كه‌ ده‌نگده‌رانی دیموكرات تۆڵه‌ی لێ بكه‌نه‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌ی حیزبه‌كه‌یدا ده‌نگ نه‌هێنێته‌وه‌ و مسته‌فای هیجری وه‌ك ڕكابه‌رێكی جدی له‌ سیاسه‌ته‌كانی عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی هێنا.
زۆر زوو یه‌كێتیی ( هه‌ردوو ته‌كه‌توولی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا ) كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ مسته‌فای هیجری.
من ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ مێژوو ئه‌نووسم كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی گۆڕان و كادیرانی یه‌كێتیی دا كاتێك گفتوگۆمان كردووه‌ له‌ باره‌ی به‌شه‌كانی كوردستانه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌ڵات ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌، تا ئێستا زۆر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م مشتومڕ له‌سه‌ر كردووه‌.
له‌ ناو سه‌ركرده‌كانی گۆڕان و كادیرانی یه‌كێتیی، ته‌نها یه‌ك كادیری دێرینی یه‌كێتیی به‌ لۆژیكیانه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی شی ده‌كرده‌وه‌، كه‌ له‌ به‌ریتانیا به‌ وردی چۆنیه‌تی دابه‌شكرنه‌كه‌ی حیزبی دیموكراتی به‌ بڕیاری مام جه‌لال بۆ باس كردم ( كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ نزیك ئۆرگانی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌م كادیره‌ پله‌دار بووه‌ و ئێستاش هه‌ر له‌ كوردستان پله‌داره ‌). ئه‌و كادیره‌ به‌ وردی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی زۆر ناڕازی بوون به‌و كاره‌ی مام جه‌لال كه‌ یه‌كێتیی پشتیوانی مادی و مه‌عنه‌وی له‌و كه‌مینه‌یه‌ی دیموكرات بكات كه‌ ده‌نگیان نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دیموكراتیان جیا بكاته‌وه‌ ( كه‌ ئه‌وكات هه‌ردوو ته‌كه‌تولی تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان له‌ ناو یه‌كێتی دا بوون )، هه‌ربۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ مام جه‌لالی وتبوو: مامه‌ چۆن دڵت دێ حیزبه‌كه‌ی دکتۆر قاسملوو دابه‌ش بكه‌ی!؟ ئه‌و كادیره‌ی یه‌كێتیی ئه‌م كاره‌ی مام جه‌لالی به‌ هه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌ی مام جه‌لال داده‌نا كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی 2005 ه‌وه‌ بریاری پشتیوانی دابێت له‌ پشتیوانی جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی كه‌ ده‌نگیان نه‌هێنابووه‌وه‌، ئه‌لبه‌ته‌ له‌ 2006 دابه‌شبوونه‌كه‌ بووبه‌ فاكت.
پێموایه‌: هێنده‌ زانیاری و هه‌لسه‌نگاندنی سه‌ركرده‌كانی گۆران و كادیرانی یه‌كێتیی له‌باره‌ی مسته‌فای هیجرییه‌وه‌ لاوازه‌ و، هێنده‌ شوێنكه‌وته‌ی ئایدیایه‌كی (وتراوی) سه‌روو خۆیانن، ئه‌وا نووسه‌رانیشیان ناچن به‌دوواداچوون بكه‌ن، كه‌ ئایا هه‌ڵوێستی پارتیی چۆن بووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌؟
من وه‌ك توێژه‌رێكی ئه‌كادیمیست له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ به‌دوواداچوونم كردووه‌ كه‌ خودی نێچیرڤان بارزانیش هاوكاری باڵی كه‌مینه‌ی عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌یان كردووه‌، له‌ ڕێی دوو كاراكته‌ریانه‌وه‌ به‌ چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلارێك بۆ ئه‌وه‌ی گورز له‌ حیزبه‌كه‌ی قاسملوو بسره‌وێنێت.‌ ته‌نانه‌ت ناوی كه‌سه‌كان و ژماره‌ی ده‌فته‌ر دۆلاره‌كه‌ش زۆر به‌ وردی لامه‌.
كه‌وابوو، ئه‌و باڵه‌ی كه‌ جیابوونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جارییانه‌ كه‌ جیاده‌بنه‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ لایه‌ن باڵی (مه‌لایی و جه‌لالی كۆن) و یه‌كیتیی و پارتیی ئێستاوه‌ پشتیوانی كراوون. ئه‌لبه‌ته‌ كاتێك مسته‌فای هیجری هه‌ڵده‌بژێردرێ به‌ سكرتێر ، ئه‌وا له‌ واقیعێكی وادا كه‌ یه‌كێتیی به‌ ته‌واوی پشتیوانی باڵی كه‌مینه‌ی عه‌بدووڵای حه‌سه‌ن زاده‌ ده‌كه‌ن و یه‌كێتیی زۆر له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئێرانه‌وه‌ نزیكن ، ئیدی ئۆتۆماتیكی باڵی زۆرینه‌ی دیموكرات به‌سه‌ركردایه‌تی مسته‌فای هیجری ناچار ئه‌كرێن كه‌ له‌ پارتیی نزیك ببنه‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتیی سیاسه‌تێكی نانه‌ته‌وه‌یی و نادۆستانه‌ی دژ به‌كارهێنابوون.
پێشموایه گه‌ر مسته‌فای هیجری متمانه‌ی ته‌واو به‌ پارتیی بكات، ئه‌وا سیاسییه‌كه‌ كه‌ شاره‌زای له‌ مێژوو دا نییه‌ و شاره‌زاشی له‌ پاشخانی ناسینی پارتیش دا نییه‌ و، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی نیچیرڤان بارزانیش له‌ یاد ئه‌كات كه‌ هاوكاری ئه‌و جیابوونه‌وه‌ی كردووه‌.
به‌مپێیه‌، ساغ بوویه‌وه‌، كه‌ گووتاری ڕه‌خنه‌یی نووسه‌رانی باشوری كوردستان له‌ مسته‌فای هیجری لۆژیكانه‌ و سیاسییانه‌ نییه‌ و زاده‌ی گووتای (وتراوی) سه‌ركرده‌كانی گۆران و یه‌كێتییه‌ و به‌س!
ڕه‌خنه‌كانی خۆم وه‌ك توێژه‌رێكی ئه‌كادیمی له‌ مسته‌فای هیجری.
ئه‌توانم به‌شێوه‌ی خال، ئه‌م كورته‌ ره‌خنانه‌م له‌ كاراكته‌ری مسته‌فای هیجری هه‌بێت، به‌لام ڕه‌خنه‌ی تریشم هه‌یه‌، له‌م بابه‌ته‌دا ته‌نها ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ كورتی به‌سه‌.
1- گرنگه‌ مسته‌فای هیجری له‌ ده‌ستی نووسینی دا، وشه‌ی نا-پێویست به‌كارنه‌هێنێت. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ مسته‌فای هیجری ڕه‌وانبێژ و وتاربێژێكی زۆر باش نییه‌، كه‌ كورد هیوایه‌تییانه‌ سه‌ركرده‌كانیان وه‌ك مه‌لا هه‌ر زیاده‌ڕه‌ویان بۆ بكات و ئه‌مڕۆ شتێك بڵی و به‌یانی شتێكی تر!! به‌ڵام له‌ ده‌ستی نووسین دا مسته‌فای هیجری كه‌موكورتی هه‌یه‌.
هه‌رچه‌نده‌ مه‌رج نییه‌ سه‌ركرده‌ له‌ ده‌ستی نووسین دا وه‌ك نووسه‌رێك به‌ به‌هره‌بێ، بۆنموونه‌ وه‌ك قاسملوو: هه‌م ئه‌كادیمیست، هه‌م زمانزان، هه‌م بیرمه‌ند، هه‌م سیاسیی، هه‌م دبلۆمات و هه‌م نووسه‌رێكی باش و … هتد.
به‌ڵام له‌ ڕووی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دوواین كتێبی، بۆنموونه‌: مسته‌فای هیجری هه‌ندێ وشه‌ی به‌كارهێناوه‌ نه‌ده‌بوو (هه‌رگیز) په‌نا بۆ ئه‌و وشانه‌ به‌رێت له‌ كتێب نووسین دا، وشه‌كان زۆرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شوێنێك دا ده‌ڵێت : (قاسملوو ئه‌م بڕیاره‌ی ژێر پێ خست!!)، ئه‌م ده‌ربڕینه‌ (ژێر پێ خستن!) نه‌ له‌ ڕووی نووسین بۆ (كتێب) ئه‌كرێ بینووسیت و، نه‌ له‌ ڕووی لێكدانه‌وه‌ی ته‌واوی ڕه‌هه‌نده‌كانی دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌‌وه‌ ئه‌كرێت ئه‌و ئایدیایه‌ به‌سه‌ر د.قاسملوو دا جێ به‌ جێ بكرێت!!
2 – زانینی پێگه‌ی خۆی: پێگه‌ی مسته‌فای هیجری شوێنگه‌ی پێشتری قازی و ڕێبه‌رێكی بێ – هاوتای وه‌ك قاسملووه‌.
كاتێك خوێنه‌ر دوواین چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ل ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، وا هه‌ست ئه‌كات كه‌ مسته‌فای هیجری له‌ پێگه‌یه‌كی لاواز دایه‌‌!! به‌تایبه‌ت كاتێك پرسیاری یه‌كه‌م و دواتریش دووه‌می لێكرا ، ئه‌بوو چاوپێكه‌وتنه‌ بووه‌ستێنێ و به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بڵێت : تۆ ڕۆژنامه‌نووسیت یان سیخوڕیت!؟
ئه‌كرێت مسته‌فای هیجری ویستبێتی له‌م ساته‌دا په‌یامێكی سیاسیی به‌ هێزه‌كانی زۆنی هه‌مه‌كاره‌یی ئێران بگه‌یه‌نیت! به‌لام ئه‌و پرسیارانه‌ی لێیكراوه، پاشخانی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ل دا كردووه‌ ئه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌!!
مسته‌فای هیجری له‌ وه‌لامێكی دا نه‌ك هه‌ر باسی هه‌ڵوێستی نانه‌ته‌وه‌ییانه‌ی ( یه‌كێتیی و گۆڕان و یه‌كگرتوو ) ئه‌كات له‌ به‌رامبه‌ر شۆڕشی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، بگره‌ باسی هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش ئه‌كات!! ئاخر مه‌لا عه‌لی باپیر چیه‌ كه‌ تۆ له‌ پێگه‌ی قاسملووه‌وه‌ حساب بۆ هه‌ڵویستی ئه‌و بكه‌یت!! خۆ تۆ مه‌لا عه‌بدولای حه‌یاكی (حه‌سه‌ن زاده‌) نیت كه‌ كتێبه‌كانت بۆ مه‌لا عه‌لی باپیر بنێریت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك دوو مه‌لا ئاڵوگۆڕی نه‌زه‌ر كه‌ن!!!؟‌
ڕوونه‌ زۆنه‌كه‌ (زۆنی ئیتلاعات) ـه‌ و‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی عه‌لی باپیریش به‌شێكی كارمه‌نده‌كانی له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ مه‌شقیان پێ كراوه‌ و ڕاویژكاریشیان بۆ ده‌نێردرێ و بودجه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌شیان هه‌ر له‌سه‌ر ئێرانه‌ !! كه‌وابوو ته‌له‌فزیۆنی په‌یام كه‌ناڵی دووی سه‌حه‌ره یان نا‌ !!؟ وردبنه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانیان چه‌نێك پڕوپاگه‌نده‌ بۆ جاش قه‌ڵه‌مه‌كانی وه‌كوو عیرفان قانعی فه‌رد ئه‌كه‌ن!؟ ئه‌م كارانه‌‌ مه‌گه‌ر جاش بوونی فه‌رمی نه‌بێت چی تره‌!!؟ مه‌گه‌ر عه‌لی باپیر ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسیی حه‌ره‌كه‌ نه‌بوو كه‌ حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی دیموكراتیان ته‌سلیم كرده‌وه‌ و تائێستاش عه‌لی باپیر به‌فه‌رمیش داوای لێبوردنی نه‌كردووه‌!! بۆیه‌ ئه‌یڵێمه‌وه‌: مه‌لا عه‌لی باپیر جگه‌ له‌ ئیمام جو‌معه‌یه‌ك چیتره‌ كه‌ تۆ له‌ پێگه‌ی قاسملووه‌وه‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییت له‌ ئه‌وه‌وه‌ بوێت!؟
3 – سیاسه‌تی نا -مه‌نتیقییانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كه‌مینه‌یه‌ كه‌ جیابوونه‌ته‌وه‌: هه‌میشه‌ پێموابووه‌ و پێموایه‌ ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ تازه‌ خوویان به‌ جیابوونه‌وه‌ گرتووه‌ و ده‌یانجاریش بیانهێننه‌وه‌ ئه‌وا هه‌ركاتێك به‌ (دیموكراسییانه‌) پله‌یان له‌ده‌ست دا هه‌ر به‌ هاوكاری (به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی) و پارتیی جیائه‌كرێنه‌وه‌.
ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ خوویان له‌ خیانه‌تكار و داهێنه‌ری گزیرایه‌تی ناو شۆڕشی كورد (ئه‌حمه‌د تۆفیق)ه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و، له‌و كاته‌وه‌ تائێستا وه‌ك ئه‌حمه‌د تۆفیقی خیانه‌تكاری بكووژی (ئه‌سعه‌دی خودایار و سه‌دیقی ئه‌نجیری) ده‌یانه‌وێت حیزبی دیموكرات و كاراكته‌ره‌كانی بكه‌نه‌ گزیر و خه‌یارماڵی هێزێكی باشوری كوردستانی سه‌ر به‌ زۆنی ئێران یا زۆنی توركیا! كه‌وابوو یان ئه‌بێت پره‌نسیپه‌ شۆڕشگێڕییه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی قاسملوو كه‌ پێوه‌ری ده‌نگی زۆرینه‌یه‌‌ وه‌لای نێن، یان ئه‌بێت پره‌نسیپه‌ جه‌نگاوه‌رییه‌كه‌ی عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ كه‌ سه‌پاندنی ده‌نگی كه‌مینه‌یه‌ وه‌لای بنێن، كامیان هه‌ڵ ده‌بژێرن!؟
ئینجا سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ چ ئێوه‌ و چ سه‌ركرده‌ و كادیرانی حیزبه‌كه‌تان باسی زاراوه‌ی (یه‌كگرتنه‌وه‌) ده‌كه‌ن!! كه‌وابوو به‌ به‌كارهێنانی ئه‌م زاراوه‌یه‌تان و هاتوچۆتان بۆلای ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی كه‌ له‌ پره‌نسیپه‌كانی قاسملوو لایان داوه‌ واده‌كات كه‌ ئێوه‌ دانتان به‌و كه‌مینه‌یه‌دا ناوه‌ كه‌ به‌ شێكی ڕه‌وایه‌تی و مه‌شروعیه‌تیان لایه‌!! ئه‌مه‌ به‌ته‌واوی دژی پره‌نسیپه‌ شۆرشگێڕییه‌كانی قاسملووه‌ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌كانی كه‌مینه‌كانی سه‌ر به‌ غه‌نی بلوریان و جه‌لیل گادانی!!
به‌كارهێنانی زاراوه‌ی (یه‌كگرتنه‌وه‌) بۆ ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ له‌ لایه‌ن خۆت و سه‌ركرده‌ و كادیر و ئه‌ندامه‌كانتان هه‌ڵه‌یه‌ و، ده‌بێت زاراوه‌ی (هاتنه‌وه‌ڕیزه‌كانی حیزبی دیموكرات)یان بۆ به‌كاربێنن و، هه‌رگیز له‌و بیرۆكه‌یه‌ لانه‌ده‌ن. چونكه‌ ئه‌وان له‌ پره‌نسیپه‌كانی قاسملوو لایانداوه‌ و نابێت ئێوه‌ له‌و مۆراله‌ شۆرشگێڕییه‌ی قاسملوو لابده‌ن!! ئه‌گینا ئه‌وه‌تانێ به‌ زاراوه‌ی (یه‌كگرتنه‌وه‌) یه‌كگرتنه‌وه‌كانتان به‌شێكی ڕه‌وایتان به‌وان داوه‌ و، ئه‌وانیش به‌ ناوی حیزبی ئێوه‌وه‌ له‌ پراكتیك دا هه‌مووشتێك ئه‌كه‌ن و بۆیان چووه‌ته‌ سه‌ر!! ئێوه‌ ئه‌بوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ (شۆڕشگیڕانه‌تر و قاسملووئاسا) له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ بجووڵانایه‌ته‌وه‌ و ده‌رفه‌تیشتان بۆ هه‌ڵ كه‌وتبوو، به‌ڵام له‌بار درا!!!
هه‌روه‌ها ده‌شبوو ته‌واوی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌ندامه‌كانتان به‌باشی له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌وه‌رده‌ بكردبایه‌!! نه‌ ئه‌بوو ئێوه‌ سازش له‌سه‌ر ده‌نگی زۆرینه‌ و پره‌نسیپی شۆرشگێری راسته‌قینه‌ بكه‌ن له‌ پێناو كه‌مینه‌ شارچییه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كان دا!! ئه‌زانی ئه‌وانه‌ چه‌ندێك ئێوه‌یان لای دۆست و دوژمن چی لێ كردووه‌!!؟ سوڕی گه‌ردوون ئاوهایه‌: قاسملووی شۆڕشگێر نامێنێت بۆ ته‌نبێ كردنی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی كه‌ ئه‌بنه‌ ئامێری ئه‌و هێزانه‌ی باشور كه‌ سه‌ر به‌ داگیركه‌رانن!! یه‌كێك له‌ خاڵه‌كان ئێوه‌ به‌تایبه‌ت ده‌بوو ئیش له‌سه‌ر هه‌ندێك كه‌سوكاری شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ی دلساف بكردبایه‌ كه‌ ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ فریویان داوون و به‌س، ئه‌گینا مێژوو پێت ئه‌ڵێت: ناتوانی متمانه‌ به‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌وانه‌ بكه‌یت و ئه‌وانه‌ ئه‌بێت پۆستی حیزبی هه‌میشه‌ییان پێ بدرێت!!
4 – ناهوشیاری سه‌ركرده‌ و كادیرانتان: له‌ڕاستیی دا هوشیاری سه‌ركرده‌ و كادیره‌كانتان له‌ پاشه‌كشێ دایه‌، زۆر نموونه‌م له‌ چه‌ندین ڕه‌هه‌نده‌وه‌‌ لایه‌، به‌لام یه‌ك نموونه‌ بۆ یه‌ك ڕه‌هه‌ند ئه‌خه‌مه‌ڕوو: پێشتر ته‌نها هه‌ندێ كه‌مینه‌ی مه‌هابادی شارچێتیان ئه‌كرد و له‌ شۆڕشگیربوون لایان ده‌دا!! ئه‌لبه‌ته‌ زۆرێك له‌ مه‌هابادییه‌كان شۆرشگیڕی ڕاسته‌قینه‌بوون، به‌ڵام كه‌مینه‌یه‌كیان تێدابووه‌ و تێدایه‌ كه‌ هه‌ر ده‌م هۆكاری سووككردن و لێكترازانی ڕیزی شۆڕشگیرانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان بوون.
كاریگه‌ری ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئێستا هه‌ندێ جۆری هزری ته‌نگه‌تیله‌ی ناشۆرشگێڕانه‌ی جه‌نگاوه‌ری له‌ناو ڕیزه‌كانتان سه‌ر هه‌ڵ بدات، وه‌ك شارچێتی كه‌ دژ به‌ شۆرشگێربوونه‌ (پێشتر هه‌ر مه‌هابادچێتی هه‌بوو، ئێستا: هه‌ورامیچێتی، سه‌قزچێتیی، مه‌ریوانچێتی و هتد). ئه‌بوو تۆ وه‌ك مسته‌فای هیجری چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی گرنگت له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی سه‌ركرده‌كانت ده‌یگرنه‌به‌ر ڕێك بخستبایه‌ و به‌ تووندی ئینزارت پێ بدانایه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ و خاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانت بۆ ڕوون بكردنایه‌ته‌وه‌!!
5 – له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندنیشه‌وه‌ ئێوه‌ هه‌ر لاوازن، ئه‌زانم له‌ ڕووی ئابورییه‌وه‌ لاوازن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنیش ئه‌بێت، به‌ڵام چی تێ ده‌چێت به‌یاننامه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسیی و كۆمیسیۆنه‌كانی ترتان خۆیان به‌دور بگرێت له‌ به‌كارهێنانی وشه‌ی فارسی!؟ چی تێ ده‌چوو هه‌ندێ وێبسایتی نهینی بكه‌نه‌وه‌ بۆ زانیاری خستنه‌ڕوو له‌سه‌ر جاش-قه‌ڵه‌مه‌كانی باشوری كوردستان!؟ چونكه‌ ئێستا سه‌رده‌می هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه له‌ ڕووی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌‌! چی تێ ده‌چوو كه‌ كۆمیسیۆنی ڕاگه‌یاندنتان به‌یاننا‌مه‌ی ده‌ربكردبایه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ سیلسیله‌یی و به‌ چه‌ندان په‌رتووكی ( په‌رپووت ) ئه‌یانه‌وێت میژووی قاسملو و دیموكرات بگۆڕن!!؟ زۆری تریش چی تێ ده‌چوو!!؟
ناهوشیاری ئه‌ندامه‌كانتان له‌ ڕووی راگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت ڕێكخستنیشه‌وه‌‌ به‌جۆرێكه‌ ئه‌ندامتان هه‌یه‌ له‌ فه‌یسبووكدا ئه‌نووسێت: پاش كه‌مێكی تر زانیاریتان له‌سه‌ر چالاكیه‌ك له‌ فڵان شوێن بۆ ئه‌خه‌مه‌ڕوو، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێش ئه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌تان دانی پیابنێت، كه‌چی ئه‌و وه‌ك ناوه‌ندی راگه‌یاندن بڵاوی ده‌كاته‌وه‌! ئیتر ئایا ئه‌زانێت لێكه‌وته‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی چین!؟
6 – ئه‌ندامه‌كانتان له‌ ده‌ره‌وه‌: له‌ ئاست ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئه‌ندامه‌كانی دیاسپۆراتان، ئه‌وا هێنده‌ سه‌نگی چالاكی ڕێكخراوه‌ییتان له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌! بۆ نموونه‌: گه‌ر بیست ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ له‌ شارێكی ئه‌وروپا دابن و چل ئه‌ندامی دیموكراتیش له‌ هه‌مان شار دا بن، ئایا له‌ ڕێكخستنی خۆپیشاندان دا كامیان به‌ ڕێكخراوه‌یتر و ئاماده‌ترن!؟ ئێوه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كتان گه‌ر (50) دۆلار هاوكاری بۆ پێشمه‌رگه‌كانتان بنێرێت چه‌ندان جار له‌ فه‌یسبووك ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌چی ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ ئه‌ناسم خه‌ڵكی رانیه‌یه‌ و له‌ له‌نده‌ن ده‌ ساڵه‌ له‌ چێشتخانه‌ ئیش ئه‌كات و مانگانه‌ جگه‌ له‌ خه‌رجی خۆی ئه‌وا زۆرینه‌ی پاره‌كه‌ی ئه‌چێته‌ سه‌ر حساب بانكی په‌كه‌كه‌ له‌ شاره‌كه‌دا، هاوڕیشمه‌ و زۆریشی خۆش ئه‌وێم و سه‌دان كه‌سی تریش هه‌ن هه‌ر وان!! كه‌وابوو له‌ بواری په‌روه‌رده‌شه‌وه‌ حیزبی دیموكرات زۆر كه‌موكورتی هه‌یه‌ له‌ چاو سه‌رده‌مانی قاسملوو!!
7 – ڕۆیشتنی هه‌ندێك له‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانتان بۆ سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كانی پارتی، وایكردووه‌ كه‌ به‌رگری كردن له‌ سیاسه‌ته‌كانی پارتی زاڵبێت به‌سه‌ر بۆچوون و ڕوانینی ئه‌ندام و كادیرانتانه‌وه‌، كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌مه‌ له‌ ستراتیژ دا ئه‌وا وردبوونه‌وه‌ی زیاتر و كارله‌سه‌ركردنی پێویسته‌!
ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خستمه‌ڕوو، به‌شێكن له‌ ڕه‌خنه‌ لۆژیكییه‌كانی من له‌ (مسته‌فای هیجری) نه‌فه‌ری یه‌كه‌می حیزبی دیموكرات، دیاره‌ نه‌ك هه‌ر خۆی بگره‌ په‌یوه‌ندی به‌ حیزبه‌كه‌شییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایدیای دیكه‌ی تریشم هه‌یه‌، به‌ڵام هێنده‌م نووسی، جارێ به‌ كافی ئه‌زانم گه‌ر بتوانرێ سوودی لێ وه‌ربگیردرێت، خۆ گه‌ر لێشی وه‌رنه‌گیردرێت ئه‌وا دواڕۆژ بۆ مێژوو ئه‌مێنن!!

 

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .