بنەماڵەی ئەبوو کانیەڕەشی: “حدك” مێژوو چه‌واشه‌ ئه‌كا

  ته‌نانه‌ت بۆ خو به‌ خاوه‌ن کردنی کوژراوه‌کانیش کێشه‌ و ناکۆکی له‌ نێوانیان هه‌یه‌….

چەند رۆژ لەمەوبەر بە بیانووی ٢٠ مین ساڵڕۆژی کوژرانی ئەبوو کانیەڕەشی و جەلیل رەحیمایان لە بنکەی سەرەکی حدک کۆڕێک بە ڕێوە چوو.

ئێمە وەک بنەماڵەی ئەبوو کانیەڕەشی لە ڕێگای ئەم ڕوونکردنەوەیەوە بە گشت لایەک ڕادەگەیەنین کە ئەم کۆڕە هیچ پێوەندیەکی بە ئێمەوە نەبووە و نیە.

بە بڕوای ئێمەش یاد کردنەوە و ڕیزگرتن له‌ خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی و بەخەتەوەری گەلی کورد ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستی تایبەتی و بۆ چەواشە کردنی مێژوو نەبێت.

مرۆڤ بە هەڵوێستە کردنێکی کورت و سەرپێیانە لەم کۆڕە کە بۆ  ئەبوو کانیەڕەشی و جەلیل ڕەحیمیان گیراوە، بۆی دەردەکەوێ کە مێژوویی پڕ لەسەروەری ئەم ئازیزانه‌ بە ئاشکرا لێڵ کراوە،ئەوە لە حاڵێک دایە کە هەڵوێستی سیاسی ئەو نەمرانە بەر لە مردنیان بۆ گشت لایەک ڕوون و ئاشکرا بووە بەتایبەت ئەوکەسانە کە خۆیان بە هاوڕێی نزیکی ئەبوو دەزانن لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە ئەبوو کانیەڕەشی لەو ڕۆژەوە کە چەکی شەڕفی پێشمەرگایەتی لە شان کردوە تا دوا هەناسەی ژیانی بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەفادار مایەوە و هەر لەم پێناوەش دا بە بێ سڵ کردنەوە سەری بەرزی کردە باربووی بوکی ئازادی کورد و کوردستان.

کاتێک  ئەبوو کانیەڕەشی هەستی بە چەسانەوەی گەلەکەی کرد، ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ ڕزگاری نەتەوەی کورد هەڵبژارد،ئەو کات شتێک بە ناوی حیزبی دێموراتی کوردستان نەبوو،بەڵام مەخابن ئەمڕۆ دوای ٢٠ ساڵ لە گیان له‌ ده‌س دانی ئەبوو کانیەڕەشی لە پڕ دەکرێ بە ئەندامی حیزبی دێموراتی کورستان و وێنەکەی لە ژێر ئاڕمێک دا چاپ دەکرێ کە تەمەنی ئەو ئاڕمە لە چەند ساڵ زیاتر تێناپەڕێت!!

بە داخەوە ئەو بەڕێزانە هەر بەوەش نەوەستان و دیسان بە بێ ئاگاداری ئێمە تەنانەت وێنەی شەخسی بنەماڵەییەشیان لە کورد کاناڵ کە زمان حاڵی حدکە بڵاو کردۆتەوە کە بەڕاستی بێ ڕێزیە بە بنەماڵەی ئەو به‌ڕێزه‌یه‌.

بەڕاستی ئەگەر ئەم بەڕێزانە جگە لە ڕێز گرتن لە خەبات و ماندوو بوونی ئەبوو کانیەڕەشی نیازێکی دیکەیان نەبوایە لانیکەم هەر نەبێ دەبوایە بۆ جارێکش بێت ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان باس کردبا و ڕوونیان کرابایەوە کە  ئەبوو ئەندامی ئەو حیزبە بووە.

بێ گومان بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و مێژوو چەواشە ناکرێ و دڵنیاش بن کەس ناتوانێ لە جێی گیان له‌ ده‌س داوه‌کان بڕیار بدات،ئەم ئازیزانه‌ بریاری خۆیان دابوو و نرخی ئەم بڕیارەشان دا.

بۆ ئاداری هەموو بەڕێزان چەند ڕۆژ بەر لە گیرانی کۆڕەکە لە لایەن کاک ڕامیار واتا کاک عومەر فەرخەپوورە داوا لە‌”ترووسکە” کچی ئەبوو کراوە کە ئەگەر شتێکی هەیە یان دەی هەوێ قسەی لە سەر بکات بە زووترین کات کاک عومەر ئاگادار کاتەوە، هەروەک لە نامەکە دا باس کراوە ئەوان دەمێکە بریاریان داوە کە ئەو کارە بکەن بەڵام وەک لە نامە کە داهاتوە بۆ ئەوەی دوایی بنەماڵەی  ئەبوو نەڵێن ئاگادار نەبوون جا خوێنەری بەڕێز سەیری ئەو جورە ئاگادار کردنەوەیە بکە!!

لەکۆتایی دا ئەوەی کە جێگای داخە ئاماژەی پێ بکرێت هەڵوێستی کاک عومەر فەرخەپوورە،ئەو بەڕێزە لە جیاتی ئەوەی بە ئەمانەتەوە داواکەی هاوڕێکانی بە ترووسکەی کچی  ئەبوو بگەیەنێ، فرمێسک بۆ ترووسکە دەبارێنێ و دەڵێ!

” هەرچەند من نەم دەویست ئەم داوایەت لێ بکەم چونکە مەستوورە ئەم ڕێگایەت پێ نادات بەڵام مەجبورم چونکە دوایی نەلێن ئێمە وەک بنەماڵەی ئەم ئازیزه‌ ئاگادار نەکراینەوە بۆ یاد کردنەوەی”

بژی کورد و کوردستان

بە حورمەتەوە بنەماڵەی به‌ڕێز ئەبووبەکر خزری ناسراو بە ئەبوو کانیەڕەشی

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .