چالاکی ئازادانه‌ی تێرۆریسته‌کان له ھه‌رێمی کوردستان

چۆنییه‌تی ھه‌ڵسووکه‌وتی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان له به‌رانبه‌ر جووڵه‌ی گرووپه تێرۆریستییه‌کانه‌وه

ھه‌رکات ھاوڵاتییه‌کی کوردی ئێراقی له به‌رانبه‌ر مایکی ڕاگه‌یاندنێک خۆی ده‌بینێته‌وه و لێی ده‌پرسرێ بۆچوونتان سه‌باره‌ت به کۆماری ئیسلامی ئێران چییه؟ وه‌ڵامی گشتی ئه‌م کوردانه  ئه‌مه‌یه که کۆماری ئیسلامی له رۆژه مێژووییه‌کاندا وه‌ک بومبارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و ئاواره بووندا یاریده‌ری کورده‌کان بووه و ئێمه یارمه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامیمان له رۆژانی سه‌خت و سه‌خڵه‌ت له بیر ناکه‌ین.

ئێستا سه‌دان کۆمپانی ئێرانی له پارێزگاکانی دھۆک و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه له بواری بینا و خانوو درووست کردن و ئاوه‌دان کردن و بازرگانی و ته‌ندرووستی و…هه‌ن. رۆژانه سه‌دان کوردی ئێراق بۆ چاره‌سه‌ری پزیشکی ئه‌ڕواته ئێران و چاره‌سه‌ری بۆ ده‌کرێت. رۆژانه ھه‌زاران ته‌ن که‌لووپه‌ل و شت و مه‌کی جۆراوجۆر له ئێرانه‌وه بۆ ھه‌رێم ھه‌نارده ده‌کرێت.

به‌س یه‌ک ھه‌فته دوای داگیرکردنی مووسڵ له لایه‌ن داعشه‌وه ھێزه‌کانی ئه‌م گرووپه گه‌یشتنه نێزیکی ۴۰ کیلۆمه‌تری ھه‌ولێره‌وه،له کاتێکدا که ھاوڵاتیانی ھه‌ولێری تۆقیبوون و ده‌ترسان و له دڵه‌ڕاوه‌کێدا بوون و بڕێکیشیان شاریان به جێ ھێشتبوو و پێوه‌ندییه‌کانی مه‌سعوود بارزانی له گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه که به مه‌به‌ستی یارمه‌تی وه‌رگرتن بێ ئاکام بوو ئه‌و جاریش کۆماری ئیسلامی وه‌ک یه‌که‌م وڵاتی دۆستی کورد له ناوچه‌که به ھانایانه‌وه‌ ھات و به ھه‌ناردنی دوو فڕۆکه که‌لووپه‌لی سه‌ربازی و چه‌کداری و چه‌ند شاره‌زای بواری کاری نیزامی رێگای نه‌دا ئه‌م شاره بکه‌وێته ده‌ست داعشه‌وه .

له لایه‌کی دیکه‌وه  کۆماری ئیسلامی که په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له گه‌ڵ ئێراق و به‌ تایبه‌تی شێعه‌کانی ئه‌م وڵاته ھه‌یه  تا ئێستا له بواری چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کانیان رۆلێکی پۆزه‌تیڤی گێڕاوه .

عه‌لی شه‌مخانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌منییه‌تی کۆماری ئیسلامی له ره‌زبه‌ری ساڵی ۱۳۹۴دا له دیدار له گه‌ڵ نێچیروان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیری ھه‌رێم وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ھه‌ر ده‌م خۆی به به‌رپرسیار ده‌زانێت له پاراستن و لایه‌نگری له  برا کورده‌کانی و پشتیوانی سه‌ره‌کی ھه‌رێمی کوردستان له به‌رانبه‌ر ھه‌ڕه‌شه‌کان و چالاکییه مه‌ترسیداره‌که‌ی داعش که خه‌ریک بوو ھه‌ولێر داگیر بکات به جوانی روونکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یه،نێچیروان بارزانیش له‌م دیداره‌دا به سوپاسگوزاری له لایه‌نگرییه‌کانی ئێران له ھه‌رێمی کوردستان وتی: به‌رپرسان و خه‌ڵکی ھه‌رێم ھیچ کات یارمه‌تی و پشتیوانییه‌کانی برا ێێرانییه‌کانی خۆیان که  له دژوارترین کات و ھه‌لوومه‌رجدا به ھانایانه‌وه ھاتن له بیر ناکه‌ن.

ھه‌ر چه‌ند زۆرێک له به‌رپرسانی کوردی ئێراقی وه‌ک نێچیروان بارزانی زۆر جاران ئاماژه‌یان به‌م لایه‌نگریانه‌ی ئێران کردووه به‌ڵام دیداره‌کان،جووڵه‌کان و چالاکی ئازادانه‌ی به‌رپرسانی بڕێک له  حیزبه‌ کورده دژه شۆڕشه‌کانی ئێران وه‌ک پژاک،دیموکرات و کۆمه‌ڵه  ئه‌م ڕاستییه  ده‌سه‌ڵمێنێت که ھه‌رێمی کوردستان ھه‌ڵنه‌ستاوه به‌و به‌رپرسانه‌ی خۆی له پێناو به‌رانبه‌ر بوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌م گرووپانه .

ئیسحاق جه‌ھانگیری یه‌که‌م جێگری سه‌رۆک کۆماری ئێران ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر ئاماژه‌ی به گرنگایه‌تی سنووره ھاوبه‌شه‌کانی ئێران و ھه‌رێم کردبوو و وتبووی: چاوه‌ڕێین به‌رپرسانی ھه‌رێم ئاورێک به کرده‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه‌وه بده‌نه‌وه که جاروبار له‌م سنوورانه‌وه له دژی ئێران ئه‌که‌ونه جموجووڵ.

له رۆژانی رابردوودا بڕێک له‌م گرووپه دژه شۆڕشی ئێران له پێش چاوی به‌رپرسانی ھه‌رێمه‌وه  له گه‌ڵ یه‌کتری دیدار و وتووێژ ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش رووداوێکی نوێ نییه به‌ڵام له گه‌ڵ ھیچ یه‌ک له په‌یمانه  نێونه‌ته‌وه‌یی و دراوسێیه‌تی دا ناگونجێت.

ھه‌ڵوێست و چاوپۆشی به‌رپرسانی ھه‌رێم له‌م جمووجووڵه و کرده‌وه‌ تێرۆریستیانه‌ی ئه‌م گرووپانه به  روونی پێشل کردنی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی و ھه‌روه‌ھا له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسای یێراقیشه،ئه‌م گرووپه تێرۆریستیانه خاکی ھه‌رێمیان کردووه  به قه‌ڵخانێک بۆ جمووجووڵ له به‌رانبه‌ر ئێران و چالاکی چه‌کداری.

له به‌رپرسانی ھه‌رێم چاوڕێ ده‌کرێت تا لاوانی کوردی ئێرانی که به ھۆی کێشه و گرفتی تاکه که‌سی و یا له ژێر گوشاری پرۆپاگانده‌ی ئه‌م گرووپه تێرۆریستیانه بوونه‌ته ئه‌ندامیان، ڕێنوێنی بکه‌ن تا رێگای گه‌ڕانه‌وه‌یان ھه‌موار بکرێت و نه‌بنه که‌ره‌سته‌ی ده‌ستی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م گرووپانه  وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م دوایانه له سه‌رده‌شت و مه‌ھاباد و شنۆ و مه‌ریوان تووشی بوون و له رێگای پووچی سه‌رکرده‌ی ئه‌م گرووپانه‌ گیانیان له ده‌ست دا و کوژران که وه‌ک سه‌ربازی ھێزه داگیرکه‌ره ده‌ره‌کییه‌کان ده‌ناسرێن.

خاڵی گرنک ئه‌وه‌یه که چاوپۆشین له چالاکییه وێرانکه‌ر و تێرۆریستیه‌ی گرووپی وه‌ک: کۆمه‌ڵه،پژاک و دیموکرات به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ھه‌رێم ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه،ھه‌روه‌ک چۆن ھاتنی ھێزه چه‌کدارییه‌که‌ی په‌که‌که و پژاک به بیانووی شه‌ڕ کردن له به‌رانبه‌ر داعشه‌وه خۆیان گه‌یانده سه‌یدییه و مه‌خموور و شه‌نگال و ئێستاش بوونه‌ته گرفتێکی گه‌وره بۆ ھه‌رێم که ته‌نانه‌ت دوای رزگارکردنی شه‌نگالیش ئاماده نین له‌م ناوچه بڕۆنه ده‌رێ و داوای دامه‌زراندنی کانتۆن ده‌کات،شایان نییه  پێوه‌ندی و ھاوکارییه‌کانی ئێران و ھه‌رێم که له فه‌رھه‌نگ و مێژووی ھاوبه‌شه‌وه  سه‌رچاوه‌ی گرتووه ببێته قوربانی چالاکییه‌کانی چه‌ند حیزبێکی به‌کرێگیراوی ده‌ره‌کی،ھه‌ر چه‌ند کۆماری ئیسلامی به زه‌بر و ده‌سه‌ڵاته‌وه له سنووره‌کانی به‌رگری ده‌کات و ده‌یانپارێزێت و رێگایان پێ نادات.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .