کۆمەڵە: حدکا خەریکە دەبێتە یاری دەستی دەسەڵاتەکان

سروە ناسری ئەندامی کومیتەی ناوەندی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران لە بارەی قسەکانی کەریم سنجاری وتی:” ئێمە پێمان وایە دانوستانی سیاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی باشوری کوردستان ئاساییە، بە مەرجێک کە هیچ ڕێکەوتنێک دژ بە خەڵکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبێت، بۆیە ئەگەر ئەم چاوپێکەوتنانە لە ئاستی دیپلوماسی دا بمێنن کێشەیان نیە “.

سروە ناسری وتیشی:” تا ئێستا حکومەتی هەرێم دژ بە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ڕژێمی ئێران ڕێککەوتنێکی نەبووە، ئەگەر وابووایە ڕێگای بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەدەدا چالاکی بکەن و لە باشوور بارەگا و بنکە بکەنەوە، ئێمە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرین و کێشەی نەخوازراویان بۆ دروست ناکەین، خەباتی سەربازی و چەکداری خۆمان ڕاگرتووە، بەڵام ئێستا بە شێوازێکی دیکە چالاکی دەکەین، بۆیە لەم بارەیەوە دانوستانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ڕژێمی ئێران ناتوانێت زیانێکی بۆ ئێمە وەکوو کۆمەڵە هەبێت “.

ناسری باسی لە سیاسەتەکانی پارتی و قسەکانی سنجاری کرد و وتی:” قسەکانی کەریم سنجاری ڕووی لە جووڵانەوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوخۆی ئێرانە، دەزانن کە لە هەندێک چالاکی لەم دووایانەدا هێزیان ناردەوە بۆ ئێران و زۆربەی پێشمەرگەکانیان شەهید بوون، سنجاری ئەم قسانەی بۆ ڕێگرتن لە جووڵانەوەکانی حدکا لە سنوورەکانی ئێران کردووە، لە لایەکی دیکەوە بۆ هەموان ئاشکرایە کە ئەو کات پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پشتگیری لە جووڵانەوەکانی حدکا کرد، ئەمە دەکرێت وەک پارادۆکسێک لە هەڵسوکەوتی پارتی دا ببیندرێت، ئەمە شتێکی شاراوە نیە چون ئێستاش ئاژانسەکان و کەناڵەکانی سەر بە پارتی پشتگیری لە جووڵانەوەکانی حدکا دەکەن “.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:” من پێم وایە حدکا لەم نێوانەدا خەریکە دەبێتە یاری دەستی دەسەڵاتەکان، بەڵام هیوادارم حدکا و حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان ئاگاداری مەترسی لەم چەشنە ببن و کارێک نەکەن کە بەرژەوەندی خەڵک لەبەر چاو نەگرن، پێویستە هەر حیزبێک لە پێناو بیر و باوەڕی خۆیدا خەبات بکات نەک ئەوەی بکەوێتە خزمەتی دەسەڵاتەکانی دیکەوە، حیزبەکان دەبێت پرەنسیب و سەربەخۆیی سیاسییان ڕابگرن، بۆیە ئێمە هەموو چالاکیە سەربازیەکانمان ڕاگرتووە و خەریکین کار و چالاکی دیکە بەڕێوەدەبەین، چەکمان هەیە تەنها بۆ پاراستنی خۆمان و خەڵک، نەک بۆ ئەوەی بکەوینە ناو یاری سیاسی دەسەڵاتەکانەوە “.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .