کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتووە؟

kamalchomani

بڕیارە مەسعوود بارزانیی بە یاوەریی نێچیرڤان بارزانی،سەردانی تاران بکەن.بەر لە سەردانەکەی ئەوان،تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤ی مەسروور بارزانیی ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەر دوو حیزبی دێموکڕات [حدکا و حدک] بڕیاریانداوە لە شاخەکان بكشێنەوە و بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی کوردستان، چالاکیی سەربازیی رادەگرن.
ئەو هەواڵە لەلایەن حدک و حدکاوە رەتکراوەتەوە،بەڵام وەک پێشتر باسمان کردبوو،پێدەچێت ئێستا کاتی فرۆشتنیان هاتبێت.بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە دەزگایەکی سەر بە پارتی و پاراستن،بۆ ئەوەیە ئاماژەی روون بۆ ئێران بنێرن کە پارتی دەتوانێت حدکا و حدک بجووڵێنێت.
سەرەڕای جەمسەربەندیی نێوان هێزەکان و دابەشبوونی پارتی و یەکێتی بەسەر جەمسەری تورکیا و ئێراندا،یان سونە و شیعەدا،روونە پارتی لە هێڵی تورکیا و سونە کەوتۆتە هێڵی دژ بە ئێران،دوو کێشەی سەرەکیی پارتی لەگەڵ ئێران،یەکەمیان مەسەلەی بازرگانیی نەوتە کە ئێران ئەو دەرفەتەی بە یەکێتی داوە و دووەمیان مەسەلەی پشتیوانی نووری ئەل-مالیکییە لە عێڕاق.
یەکێتی لەڕێی ئێرانەوە رۆژانە سەدان تانکەر نەوت دەنێرێتە دەرەوە [رێژەی تانکەرەکان بە رۆژ دەگۆڕێت] لەڕێی خاڵە سنوورییەکانی خۆیەوە.تا بەر لە دەستپێکردنی شەڕی داعشیش،پارتیش بە هەمان شێوە سەدان تانکەر بەرمیل نەوتی لەڕێی ئێرانەوە دەناردە دەرەوە.زۆربەی تانکەرەکانی نەوتی پارتی رۆژانە بە بەرچاوی ئێمەدا دەڕۆیشتن بۆ حاجی ئۆمەران.کاتێک ئێران خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانی بەسەر تانکەرەکانی نەوتی پارتیدا داخست،پەیوەندییەکانی پارتیش لەگەڵ ئێران زیاتر تێكچون.
لەو سەردانەی وەڤدی پارتییدا [وەڤدەکە پارتییانە دەبێت نەک کوردستانییانە]،پارتی پێدەچێت دوو داواکاریی لە ئێران هەبێت؛یەکەمیان پێگەی پارتی لە حوکمڕانیی عێڕاق دوای داعش بەتایبەت کە ترسێک لە پارتیی نیشتوە بە هۆی هەوڵەکانی ئەل-مالیکییەوە،لەگەڵ کردنەوەی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بۆ بازرگانیی نەوت وەک چۆن یەکێتی لە باشماخ و خاڵەکانی سنووری خۆیەوە ئەنجامیدەدات.لە بەرانبەردا،پارتی حدکا و حدک ناچاردەکات شاخەکان جێبهێڵن و هەوڵی راگرتنی باڵانسی پەیوەندییەکانیش دەدات لەنێوان تورکیا و ئێران، بەتایبەت کە ئێستا بۆ پارتیی رونتر بۆتەوە کە تورکیا وەک جاران ناتوانێت پارتیی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
لەگەڵ ئەوانەشدا،مەسەلەی رزگارکردنی شاری موسڵ یەکێک دەبێت لە باسوخواسەکانی گفتوگۆکان،ئێران نایەوێت تورکیا بەشداریی رزگارکردنی موسڵ بێت و پێیانوایە ئەگەر پارتی لەپشتی تورکیا نەبێت،تورکیا ناتوانێت جمووجۆڵە سەربازییەکانی لە دەورووبەری موسڵدا بەردەوامیی پێبدات.پارتی،تا ڕادەیەکیش دژایەتیی بەشداریی حەشدی شەعبیی کردووە لە رزگارکردنی موسڵ.حەشدی شەعبیی لای ئێران هێزێکە ئاسانتر لە سوپای عێڕاق کۆنترۆڵ دەکرێت،لەڕێی حەشدی شەعبییشەوە ئێران دەیەوێت بەشدار بێت لە رزگارکردنی موسڵ.پارتی لە بەغداد لەگەڵ حەیدەر ئەل-عەبادیی رێککەوتوە لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی و بەمەش ئێران پشتیوانیی نزیکبوونەوەی بەغداد و هەولێر دەبێت.لە چەند رۆژی داهاتودا، راستییەکان روونتر دەبنەوە،هیوادارین هیچ شتێک لەسەر حیسابی هێزەکانی رۆژهەڵات نەکرێت.

www.nnsroj.com

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .