نامه‌ی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی خالید عه‌زیزی

خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) له‌ تۆی نامه‌یه‌ک دا که‌ ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی کردووه‌،ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پوستی سکرتێری ئه‌و حیزبه‌ ڕاگه‌یاند.

  ده‌قی نامه‌که‌:

بۆ هاوڕێیانی حیزبی

وێڕای سڵاو و ماندوو نەبوونی.

لە پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی لە  ڕێکەوتی ۲۰۱۶/۱۰/۱۵    وازهێنانی خۆم لە پۆستی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕاگەیاند. دوای باس و موناقشەیەکی زۆر، پلینۆم دەفتەری سیاسی ڕاسپارد کە کار بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی سی مانگدا کۆمیتەی ناوەندی کۆ بێتەوە و سکرتێری داهاتووی حیزب دیاری بکا.

٢بۆ ئاگاداری ئێوە و بە شاهیدی سەرجەم ئەندامانی ڕێبەری، ساڵێک پێش گرتنی کۆنگرەی شازدەهەم ڕامگەیاندبوو کە نە بە تەمای پۆستی سکرتێریم و نە بە دروستیشی دەزانم پێرەوی نێوخۆیی حیزب بۆ ئەو مەبەستە بۆ من بگۆڕدرێ.

٣–  لە کۆنگرەدا بەداخەوە کەش وهەوایەک دروست بوو و زۆربەی ئەندامانی کۆنگرە ساڵۆنی کۆنگرەیان چۆلکرد و داوایان ئەوە بوو کە من لە پۆستی خۆمدا بمێنمەوە. بەپێچەوانەی مەیلی خۆم و تەنیا بۆ بەرگریکردن لە شێوانی کۆنگرە و لە ڕوی مەجبووری و هەست بە مەسئولییەت‌کردن، پێشنیارم کرد کە ڕێبەری وەک خۆی بمێنێتەوە.

۴پێش کۆنگرە و دوای کۆنگرەش موافقین و موخالیفینی من بە تێکڕایی سکرتێری منیان قبوڵ بوو. بۆیە داوا لە ئەندامانی حیزب دەکەم لە تەفسیر و تەعیبری ناپێویست و سناریۆی جۆراوجۆر خۆبپارێزن. هەمووی ئێمە بەرانبەر بە یەکڕیزی حیزب و پاراستنی یەکتر و کەسایەتییەکانی حیزب بەرپرسیارین.

۵من لە پۆستی سکرتێری حیزب وازم هێناوە و وەک تەعهودی حیزبی و ڕێز لێنان لە دەنگ و متمانەی هاوڕێیانی حیزبی و کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەمێنمەوە و بە پێی توانا و ئیمکان لە تێکۆشانی حیزبی بەردەوام دەبم.

۶–  بە پێی پێڕەوی نێوخۆیی حیزب، کۆمیتەی ناوەندی سکرتێر هەڵدەبژێرێ و لە پلینۆمی داهاتودا دەتوانین سکرتێری داهاتووی حیزب دیاری بکەین. بۆ ئەو مەبەستە حیزبی ئێمە پێویستی بە کۆنفرانس و کۆنگرەی پێش وەخت نییە. بۆیە داوا دەکەم لە کاتی ئێستا و بۆ دیاریکردنی سکرتێر، باسی کۆنفرانس و کۆنگرە نەکەین.

٧–   ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی شازدەهەم کە کۆمەڵیک ڕێکاری فرەڕەهەندیشی بۆ کار و تێکۆشان دەستنیشان کردووە، نیشاندەری عەقڵییەتێکی فرەچەشنی و واقیعبینانەی هەمووی ئێمەیە . بە وازهێنانی من ئەو گوتارەی حیزب کە بەرهەمی کار و تێکۆشانی هه‌موومانه‌، بی گومان هەر لە جێگەی خۆیدا دەمێنێته‌وه‌. من وەک سکرتێری حیزب تەنیا وتەبێژ و ئادرەسی ئەو گوتارەی حیزبەکەمان بوومە.

٨–  لە سایه‌ی هەوڵ و تێکۆشان و فیداکاری ئێوە‌، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە وەک سکرتێر و کەسی یەکەمی حیزب کارم کردووە، هەستم بە شانازی و ئیفتخار کردووە. وێڕای پێزانین، سپاسی هەموو لایەکتان دەکەم. لە هەمان کاتیشدا بێ گومان کەسێکی بێ هەڵە و پەڵەش نەبوومە و لەو پێوەندییەدا ڕەخنەشم لێگیراوه‌ و گلەییشم هاتووه‌ته‌ سه‌ر، کە لە کاری جەمعی و حیزبیدا بە شتێکی زۆر ئاسایی دەزانم.

بە ڕێز و حوڕمەتەوە، براتان  –   خالید عەزیزی

۲۰۱۶ / ۱۱ /۷

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .