“حدکا” داوا لە ئەندامانی دەکا هێرش بۆ سەر “حدک” رابگرن

هێرشی بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی حدکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر حدک، سەرەنجام سەرکردایەتیی “حدکا”ی هێنایە سەر خەت‌و کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی “حدکا”،چوارشەممە ٢۶ی خەزەڵوەری ١٣٩۵ی هەتاوی،لە راگەیەندراوێکدا داوای لە ئەندامانی کردووە لەپاڵ داکۆکی لە بڕیار و هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزبەکەیان،رەچاوی هەلومەرجی ناسکی حیزبەکەیان‌و هەروەها ناوچەکە بکەن‌و لە زمانی زبر لە ئاخاوتنیان بەرامبەر بە حیزب‌و رێکخراوەکانی دیکە بە جیددی خۆ بپارێزن.
ئەو راگەیەندراوەی “حدکا” دوای چەند رۆژ لە هێرشی ئەندامانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و بە ئاشکرابوونی دەستلەکارکێشانەوەی “خالید عەزیزی”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا هات کە کرابووە سەر “حدک‌”و سکرتێرە دەستلەکارکێشاوەکەی.
ئەمەش دەقی راگەیەنەدراوەکەی کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حدکا:
بۆ هەموو ئەندامان‌ و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لەگەڵ سڵاو
سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە سەر ئەوە داڕێژراوە کە سەرەڕای دەربڕینی بۆچوون و بیروڕای ئازاد، ئەندامی حیزب دەبێ‌ چاوکراوە، تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بن، و لە سەر هەر بڕیار ‌و هەڵوێستێکی حیزبی ڕا ‌و بۆچوونی خۆیان دەربڕن و ڕەخنە بگرن‌ تا ئەو ئاستەی کە زەربە لە پرستیژی حیزب نەدات. داواکارین کە ئەندامانی حیزب ڕەچاوی بارودۆخی حەساسی ناوچە ‌و کوردستان و بە تایبەت حیزب بکەن. بە هەموو شێوەیەک هێرش بۆ سەر هەر کام لە حیزب ‌و ڕێکخراوە کوردییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆییان بە تەواوی لە ڕوانگەی حیزبەوە مەحکوومە.
ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ‌ وەکوو دێموکراتێک بیر بکاتەوە. هەر کەس ڕەخنە لە حیزب دەگرێت یان دژی سیاسەتی حیزب بوو، دوژمنی حیزب نییە، دەبێ‌ ڕێز لە ڕا‌ و بۆچوونەکانی بگرین و لە ئەگەری پێویستیی وەڵامدانەوەدا، بە ڕەچاو کردنی پێوەرە چەسپاوەکانی بواری ڕەخنە، و هێنانەوەی ئیستدلالی لۆژیکیی سیاسی و بەدوور لە ناوزڕاندن و بێڕیزی، وەڵام بدرێتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .