حه‌قی قسه‌کردن به‌ حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران نه‌درا

لە کۆبوونەوەی “رێکخراوی ئەنتەرناسیوناڵ سۆسیالیست”دا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێ، هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان پێ نەدرا کە لەسەر بارودۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قسە بکەن.

لەسەر بانگهێشت و بە میوانداریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خۆی یەکێکی لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەو رێکخراوە، لە وڵاتانی جیهانەوە بەشێک لە ئەندامانی هەمیشەیی و چاوەدێر و ئەندامانی راوێژکاری ئەنتەرناسیوناڵ سوسیالیست، روویان لە شاری سلێمانی کردووە و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەش٢١ی سەرماوەز، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی، کۆبوونەوەی خۆی دەست پێ کرد کە قەرارە دوو رۆژ بخایەنێ، بەڵام لە پانێلەکانی ئەمڕۆی ئەو رێکخراوەدا کە تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر تێرۆر و چەند تەوەرێکی دیکە، سێ هێزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامی هەمیشەیی و ئەندامی روێژکاری ئەو رێکخراوەن، دەرفەتی قسەکردنیان لەسەر بارودۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لەبەرچاو نەگیرابوو و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتیی و رەخنەی ئەو سێ هێزە سیاسییەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بریتین لە:

– حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەندامی هەمیشەیی

– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامی راوێژکار

– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەندامی راوێژکار

شایانی باسە، رێکخراوی ئەنتەرناسیوناڵ سۆسیالیست، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و ١٥٣ پارتی سیاسی لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهانەوە تێیدا ئەندامن و بەشێکیان لە وڵاتەکانیان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .